٥ بەھرەی بەھێز کەوا ئەکات کڕیارەکانت بەئاسانی و لێھاتووی ڕازی بکەیت

گرینگ نیە کە تۆ خاوەنی پڕۆژەی بچوک یاخوود کۆمپانیای گەورە بیت، بۆ ئەوەی سەرکەوتوبیت لەفرۆشتنی بەرھەمەکانت /خزمەتگوزارییەکانت، تەنھا وەبەر ھێنانی بەرھەمی باش یاخوود پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری نایاب لەگەڵ ڕێکلام کردن بەس نیە بەڵکو (تحدی) یەکی تر ھەیە کە ڕووبەڕووی دەبیتەوە کە ئەمانەن : چۆن کڕیارەکانت ڕائەکێشی بۆ شت کڕین؟ چۆن بەرزترین ڕێژەی فڕۆشتن بەدەست دەھێنی؟

وە بێگومان گەر ویستت بەرزترین ڕێژەی فرۆشتن بەدەست بھێنی ، پێوستە بەھرەی ڕاکێشان و(تفاوسض)ت تیابێت ، بۆ ئەوەی توانای ڕاکێشانی کڕیارەکانت ھەبێت کە شتومەکت لێ بکڕن لێرەدا ٥ بەھرەی ڕازیکردنی کڕیارەکان دەخەینە ڕوو

چۆن کڕیارەکان ڕازی دەکەین بۆ شت کڕین لێت:-

١.(قازانجەکانت بە کڕیارەکانت بفرۆشە بەبێ سوود وەرگرتن و تایبەتمەندنی)

فرۆشیار پێویستە قازانجی بەرھەمەکانی بەکریارەکان بفرۆشێت نەک سوودەکانی بەرھەمەکە، چونکە کریار پێویستی بەوەیە کە بزانێت کە چ شتێک پێداویستیەکانی ڕازی دەکات، نەک سوودو تایبەتمەندیەکانی بەرھەمی کۆمپانیایەکە، بۆ نموونە کاتێک فرۆشیار ئۆتۆمبێلێک پیشانی کڕیارێک دەدات ھەڵەیە فرۆشیارەکە بڵێت کە ئۆتۆمبێلەکە سیستەمێکی پارێزگاری سەرسوڕھێنەری ھەیە، بەڵام باشتر وایە فرۆشیارەکە بە کڕیارەکە بڵێت کە ئۆتۆمبێلەکە خێزانەکەت دەپارێزێت لە کاتی لێخورین.


٢.(دەست نیشانی ھەست و سۆزی کڕیارەکەت لە بڕی بەکارھێنانی لۆژیک)

ئاسانە کڕیار لەڕووی بەکارھێنانی زمانەوە ڕازی بکەیت کە کاریگەری لەسەر ھەستەکانی ھەیە لە کاتێکدا سەختە لەڕێی بەکارھێنانی لۆژیک ڕازی بکەی. بۆ نموونە نوێنەری فرۆشتنەکان بە کڕیارێکی گوت کە کڕینی ئەم سەیارەی کۆمپانیایە وات لێ دەکات لەبەرچاوی خەڵک دیاربی (تەرکیزی خستەسەر ھەست و سۆزی) لەبری ئەوەی بڵێت کە ئۆتۆمبێلەکە توندو بەھێزە(تەرکیز کردنە سەر لۆژیک)


٣.(دووربکەوە لەزۆر قسەکردن، سەرنج بدە گرینگترین تایبەت مەندییەکانی بەرھەمەکە)

ھەندێ لەستافەکانی فرۆشتن کڕیارەکان بێزاردەکەن بە چوونەناو وردەکاری زۆر لەسەر بەرھەمەکە، بۆ نموونە بریکارێکی نووسینگەی خانووبەرە پێوست ناکات کڕیارێک بار گران بکات بەباسکردنی ووردەکارییەکانی خانوو وەک و کوالێتی ڕەنگەکان ، باشترە باسی سوودەکانی بۆ بکات وەکو ڕووبەری فراوانی خانووەکە لەگەڵ شێوە جوانەکەی.


٤.(ھۆکارێک بدە کڕیارەکەت بۆ ئەوەی ناچاری بکەی بەرھەمەکەت بکڕێت)

نوێنەری فڕۆشتنەکە پێویستە ھۆکارێک دروست بکات بۆ ناچارکردنی کڕیار بۆ کڕینی بەرھەمەکەی. مەرجە ھۆکارەکە لەشێوەی قازانجێکی تایبەت بێت کە کڕیارەکە بەدەستی دەھێنێت لەڕێی بەرھەمی ئەم کۆمپانیایە ، بۆنموونە نوێنەری فروشتنی کۆمپانیایەکی گرێبەستن ئۆفەرێک ئەخاتە روو بۆ بریکاری حکومەت بۆ ئەوەی گروپێک بۆ ئەم لقە بنیات بنێت لەماوەیەکی دیارکراو، ھیچ کۆمپانیایەکی تری گرێبەستن ناتوانێت پڕۆژەکە تەواو بکات لە ھەمان ماوەی دیارکراو .


٥.(وا لە قازانجی بەرھەمەکە بکە کە بەرچاو دیار بێت)

بەگشتی کڕیار ئەو قازانجانەی لاوەکین پشت گوێیان دەخات زیاتر روو لە قازانجە دیارەکان دەکات کە بە ژمارە دیاری کرابێت ، بۆ نموونە ھەڵەیە کە نوێنەرێکی فرۆشتن بۆماددەی خاو بەکڕیارەکەی بڵێت کەتۆ ئەم ماددە خاوانە لە کۆمپانیاکەمان دەکڕیت خەرجییەکانت کەم دەبنەوە(لاوەکی)، بەڵام پێویستە بڵێیت کە شت کڕینەکەی تۆ ٪‏٢٥ خەرجیەکانت کەم دەکاتەوە وە دەتوانیت بۆ کڕیارەکە روونیبکەیتەوە کە چۆن ئەو خەرجیانەی مامەڵەکردن دەستەبەر ئەکرێ.


بائێستا تۆ دەزانی کەچۆن کڕیارەکەت ڕازی بکەی کە کەلوپەلت لێ بکڕێت، گومان لەوە دانیە کە دەشزانی زیاتر دەفرۆشیت ئەگەر بەزمانی کریارەکان قسە بکەین ، کریاری زیاتر بەدەست دەھێنی ئەگەر قازانجەکانی بەکارھێنانی بەرھەمەکە پەیوەست بکەی پێی لەجیاتی تایبەتمەندیەکان و سوودەکانی بەرھەمەکە. ئەوان بەرھەم ناکڕن تەنھا لەبەر نیشانەکانی، بەڵکو ئەبیت بڕیاری فرۆشتنەکە ھەندێک ئەم نیشانانەی قازانجەکانی تێدابێت. بۆیە ھەرگیز باسی تایبەتمەندیەکان مەکە بھێڵە کڕیارەکە لەڕێی ئەنجامەکان سوودەکانی بدۆزێتەوە.

Tagged :

بۆچی پێویست ده‌كات هه‌موومان له‌كاری فرۆشتن شاره‌زابین؟ ته‌نانه‌ت منیش؟

 بۆچی پێویست ده‌كات هه‌موومان له‌كاری فرۆشتن شاره‌زابین؟ ته‌نانه‌ت منیش؟ به‌ڵێ تۆش.

كاتێك كه‌وا گوێت له‌ وشه‌ی فرۆشیار ده‌بێت، یه‌كه‌مین وێنه‌ی كه‌ به‌مێشكت دادێت چیه‌؟

با من بۆت باس بكه‌م، دوكاندارێك كه‌وا كۆمه‌ڵێك كه‌لوپه‌ل ده‌فرۆشێت و كڕیاره‌كان ده‌ڕۆن بۆلای و شتی لێده‌كڕن، وێنه‌كه‌ وایه‌؟

گه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌ هاتۆته‌ مێشكت، ئه‌وا تۆ كه‌موكوڕیت هه‌یه‌ له‌ تێگه‌یشتن له‌و وشه‌یه‌، چونكه‌ كرداری فرۆشتن تایبه‌ت نییه‌ ته‌نها به‌ دوكانداره‌كان.

ڕاسته‌ ئه‌وان كاری فرۆشتن ده‌كه‌ن، به‌ڵام تاكه‌ فرۆشیار ئه‌وان نین.

ئه‌ی باشه‌ فرۆشیاری ڕاسته‌قینه‌ كێییه‌؟

به‌گشتی فرۆشتن  ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ فرۆشتنی كاڵا، زۆر كه‌س هه‌ن خزمه‌تگوزاری ده‌فرۆشن ، وه‌ك: شوفێری ته‌كسی، پاس، بۆیاغچی، وه‌ستا، پزیشك، مامۆستا.

ڕه‌نگه‌ بڵێیت چی چی؟!! پزیشكیش كرداری فرۆشتن ده‌كات؟ ته‌نانه‌ت مامۆستاش؟

ده‌ڵێین به‌ڵێ بێگومان، چونكه‌ پزیشك چاره‌سه‌ر ده‌فرۆشێت به‌ نه‌خۆشه‌كانی و مامۆستاش وانه‌ و زانست.

هه‌رگیز سه‌رنجت داوه‌ له‌وه‌ی كه‌وا پزیشكێك له‌ پزیشكێكی تر نه‌خۆشی زیاتر و نۆڕینگه‌كه‌ی قه‌ره‌باڵغتره‌؟ كه‌ له‌كۆتایدا داهاتیشی زیاتره‌.

باشه‌ بۆ؟

ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پزیشكێكی باشتره‌؟

بێگومان ده‌ڵێیت به‌ڵێ .

به‌ڵام با من لێت بپرسم: له‌چی باشتره‌؟

ته‌نها له‌ زانستی چاره‌سه‌ركردن،  یاخود له‌ ئه‌ته‌كێتی خوێندنه‌وه‌ی نه‌خۆش و ڕاگرتنی باری ده‌روونی نه‌خۆش ؟

یانیش له‌ پێدانی چاره‌سه‌ری گونجاو و پێدانی كاتی زیاتر به‌ نه‌خۆش؟

 

تۆش چه‌ند خاڵێك بژمێره‌ جگه‌ له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌، چونكه‌ بێگومان زۆرن جیاوازی پزیشكی سه‌ركه‌وتو له‌گه‌ڵ پزیشكی ئاسایی.

به‌ڵام نهێنیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌:

پزیشكی سه‌ركه‌وتوو، فرۆشیارێكی سه‌ركه‌وتووه‌.

_______________

گه‌ر بێینه‌ سه‌ر مامۆستاش به‌هه‌مان شێوه‌، مامۆستای وا هه‌یه‌، كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ به‌ناوبانگترین قوتابخانه‌ی ئه‌هلی به‌پاره‌یه‌كی باش دایده‌مه‌زرێنن، زۆرترین داوای له‌سه‌ره‌ بۆ وانه‌ی تایبه‌ت.

باشه‌ به‌چی ده‌چێت گه‌ر مامۆستایێك پڕ زانست بێت، به‌ڵام شێوازی فرۆشتن(گه‌یاندنی زانیاری) نه‌بێت بۆ قوتابییه‌كانی؟

گه‌ر مامۆستاكه‌ قسه‌ ڕه‌ق و بێ منه‌ت بوو؟

گه‌ر پابه‌ند نه‌بوو به‌ به‌ڵێن و مه‌وعیده‌كانی؟

گه‌ر مامۆستاكه‌ نه‌یتوانی هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌ قوتابیه‌كه‌ی نزیك بێته‌وه‌ و به‌گوێره‌ی كه‌سایه‌تی قوتابیه‌كانی وانه‌كه‌ی باس بكات؟

ئایا به‌ده‌ر له‌م خاڵانه‌، مامۆستا ده‌بێته‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتووه‌ی كه‌ وتمان؟

________________

ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌ ته‌نانه‌ت بۆ دایك و باوكیش، كاتێك ده‌یانه‌وێت شتێك به‌ منداڵه‌كه‌یان ئه‌نجام، جا خواردن پێدان یاخود فێركردنی شتێك یان باوه‌ڕهێنان به‌ منداڵ له‌ نه‌كردنی شتێك.

ئه‌مانه‌ هه‌مووی كرداری فرۆشتنن، تۆ ده‌بێت خواردنه‌كه‌ت به‌ منداڵه‌كه‌ت بفرۆشیت (واته‌ قه‌ناعه‌تی بۆ دروست بكه‌یت تا بیخوات).

مه‌رج نیه‌ له‌ كۆتایی فرۆشتنه‌كان پاره‌ هاتوچۆ بكات.

ئه‌م بابه‌ته‌ی كه‌وا تۆش تا ئێره‌ خوێندیته‌وه‌، كرداری فرۆشتن بوو، ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ تۆ فرۆشت كه‌ وای كرد تا ئێره‌ به‌رده‌وام بیت و بیخوێنیته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا ده‌مانه‌وێت بڵێین ، فرۆشتن بۆ تۆش ڕاسته‌، تۆش فرۆشیاریت.

گه‌ر فرۆشیار نه‌بیت ، بێگومان كڕیاریت، ئه‌وه‌ش بزانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ فرۆشیار براوه‌تره‌ له‌ كڕیار چونكه‌ كۆنتڕۆل به‌ده‌ستی ئه‌وه‌.

 

 ئه‌ندازیار ڕابه‌ر كه‌ریم

كۆمپانیای جیاساز بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری ته‌كنه‌لۆجی

 

له‌م بابه‌ته‌ش خاسیه‌ت و شاره‌زاییه‌كانی فرۆشیاری سه‌ركه‌وتوو بخوێنه‌وه‌

١٠١ ڕێگا بۆ فرۆشتن كه‌ ده‌تكات به‌ فرۆشیارێكی (مندوبێكی) سه‌ركه‌وتوو:بەشی یەکەم

 

Tagged : /

فۆرشیاری سه‌ركه‌وتوو-به‌شی ده‌یه‌م: ئه‌ته‌كێتی فرۆشیار

٥٥-جلێكی پڕۆفیشناڵانه‌ بپۆشه‌:

یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتنت زۆر گرینگه‌، خه‌ڵكی هه‌میشه‌ حه‌ز ده‌كات له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سه‌ركه‌وتوو مامه‌ڵه‌ بكات، بۆیه‌ ده‌بێت خۆت وه‌ك كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو نیشان بده‌ی، كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا له‌ سیمای ده‌ره‌كیت كه‌ جل و به‌رگته‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

هه‌وڵ بده‌ كه‌ل و په‌له‌كانی كه‌وا كاڵاكه‌تی پێ نمایش ده‌كه‌یت ئه‌وانیش به‌رچاو بن و له‌بارودۆخێكی باشدابن، جا چ مۆبایل یاخود ئایپاد یانیش لاپتۆپ بن،

هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ش له‌بیر مه‌كه‌ كه‌وا بۆنێكی خۆش له‌خۆت بده‌یت، ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌ خۆش كردنی بۆنی ده‌مت و جوانكردنی ستایلی پرچت.

ئه‌مانه‌ هه‌مووی وا ده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ زۆر باش ده‌ربكه‌ویت، كه‌ بێگومان له‌ناوه‌وه‌ش هه‌ستی ئاسووده‌ییت پێ ده‌به‌خێت و ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.

٥٦-له‌سه‌ره‌تادا خۆت بناسێنه‌:

هه‌رگیز نه‌كه‌یت به‌ر له‌ ناساندنی خۆت (بێگومان به‌ كورتی) ده‌ست بكه‌یت به‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ت و باسكردنی كاڵاكه‌ت.

چونكه‌ خه‌ڵكی سه‌ره‌تاده‌یه‌وێت بزانێت له‌گه‌ڵ كێدا قسه‌ ده‌كات و پله‌ و پایه‌ی تۆ چیه‌ له‌وشوێنه‌ی كه‌وا نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌یت.

وه‌ هه‌رگیز نه‌كه‌یت ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌پرسیار كردن بكه‌یت به‌ر له‌ خۆ ناساندن به‌تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ی كه‌وا به‌بێ مه‌وعیدی پێشوه‌خته‌ چوویت، زۆربه‌ی جار كه‌ پرسیار له‌خه‌ڵكی ده‌كه‌یت، خه‌ڵك گومانت له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن و ئاماده‌نین وه‌ڵامی پرسیاره‌كانت بده‌نه‌وه‌ و زۆربه‌ی جار لێت ده‌ترسن.

٥٧-هه‌رگیز ڕاسته‌وخۆ كڕیار مه‌شكێنه‌وه‌:

به‌تایبه‌ت گه‌ر هاتوو كڕیار پێشتر له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی كۆمپانیایێكی تری كێبڕكێكارت كڕیبێت، هه‌رگیز نه‌كه‌یت دانه‌به‌زیتر سه‌ر به‌رهه‌می كۆمپانیاكه‌ی تر و به‌خراپه‌ باسی بكه‌یت، به‌مه‌ تۆ ناڕاسته‌وخۆ قسه‌ به‌ كڕیاره‌كه‌ت ده‌ڵێیت له‌وه‌ی كه‌وا بڕیارێكی هه‌ڵه‌ی داوه‌ و نه‌زان بووه‌، یاخود هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوه‌، كه‌ هیچكات هیچكه‌س حه‌ز ناكات ئه‌م هه‌سته‌ی هه‌بێت.

واته‌ له‌ گوێگرتن و قسه‌كردنیش ده‌بێت ئه‌ته‌كێتمان هه‌بێت.

٥٨-ببه‌ جێگای متمانه‌ی كڕیاره‌كه‌ت:

ئه‌م خاڵه‌مان پێشتر به‌ چه‌ند جۆرێك باسكردووه‌، به‌ڵام گرینگی خاڵه‌كه‌ هێنده‌ زۆره‌ كه‌ له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی فرۆشتندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

گه‌ر بگه‌ڕێیت به‌ دوای زۆرترین كڕینه‌كانی خۆت له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا، (به‌تایبه‌ت كڕینه‌ گه‌وره‌كانت كه‌وا ٤٠٠$ی ڕه‌ت داوه‌) متمانه‌ له‌نێوان هه‌موو كڕینه‌كان ده‌بینیته‌وه‌.

بۆیه‌ تۆش ده‌بێت جێگای متمانه‌ بیت، تاوه‌كو كڕیاره‌كه‌ت لێت بكڕێت.

تاكه‌ ڕێگاش بۆ ئه‌وه‌ی جێگای متمانه‌بیت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (شایسته‌ی متمانه‌ بیت).

٥٩-كاتی زۆر مه‌ده‌ به‌ كڕیار:

ڕه‌نگه‌ ئه‌م خاڵه‌ به‌لاتانه‌وه‌ سه‌یر بێت، به‌ڵام زۆر گرینگه‌، هه‌میشه‌ هه‌وڵ بده‌ پرسیاره‌كانت دیاری كراو بن، وه‌ڵامه‌كانیشیان كورت بێت، تاوه‌كو هه‌م كاتی كڕیار زۆر نه‌گریت، چونكه‌ تاوه‌كو كڕیاره‌كه‌ت پله‌ به‌رزتر بێت كاتی كه‌متره‌ بێگومان.

وه‌ هه‌م په‌یامێكیش ده‌ده‌یت به‌كڕیار كه‌وا تۆش كاتت زۆر نیه‌ و تۆش سه‌رقاڵیت و كارت زۆره‌، نه‌وه‌ك به‌ بێ ئیش تێتبگات، به‌مه‌ش به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ له‌ هه‌مان دانیشتن وه‌ڵام وه‌رده‌گریت به‌ به‌ڵێ یان نه‌خێر و زۆر ناتهێنێ و ناتبات.

ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌ زۆرترین كڕیار ڕابگه‌یت و زۆرترین چاوپێكه‌وتن ئه‌نجام بده‌یت له‌ كه‌مترین كاتدا.

٦٠-ئه‌ته‌كێتی به‌جێهێشتنی كڕیار:

دڵنیابه‌ وه‌ك چۆن به‌ باشی ده‌ستت پێكرد، به‌هه‌مان شێوه‌ش كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ بێنه‌، واته‌ خۆت كۆتایی پێبێنه‌ به‌ر له‌وه‌ی كڕیار لێت بێزاربێت و ده‌رت بكات، كه‌ ئه‌مه‌ خراپترین دۆخی كاره‌كه‌ و هه‌ر چاوپێكه‌وتنێكه‌.

له‌كاتی هه‌ڵستانت دوباره‌ ناوی كڕیاره‌كه‌ت به‌ڕێزه‌وه‌ بهێنه‌و سوپاسی بكه‌ بۆبه‌خشینی كاته‌كه‌ی به‌تۆ (به‌ڵام هه‌رگیز نه‌ڵێیت له‌كاتم گرتی و خۆت بچوك بكه‌یته‌وه‌).

له‌دواتریش هه‌رگیز له‌بیر نه‌كه‌یت كه‌وا كارته‌كه‌ت جێبهێڵیت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تادا به‌كڕیاره‌كه‌ت نه‌دابو.

 

ئه‌.ڕابه‌ر كه‌ریم

كۆمپانیای جیاساز بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری ته‌كنه‌لۆجی

Tagged : /

فۆرشیاری سه‌ركه‌وتوو-به‌شی نۆیه‌م: كڕیار بكه‌ به‌ هاوڕێ

هاوڕێیه‌تی كردنی كریار له‌كاتی فرۆشتنی كاڵاكاندا یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ كاریگه‌رترین ڕێگاكانی دروستكردنی پردی متمانه‌ و ئه‌نجامدانی فرۆشتنێكی سه‌ركه‌وتوو

له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێویستت پێ ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ دوای خوێندنه‌وه‌ جێبه‌جێی بكه‌

٤٧-هه‌رچی فرۆشیار(مندوب)ی ئاسایی ده‌یكات، تۆ مه‌یكه‌:

 

پارچه‌كاغه‌زێكك بێنه‌، هه‌موو ئه‌و كردار و گوفتارانه‌ی كه‌وا هه‌ر فرۆشیارێكی ئاسایی ده‌یكات بینوسه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی جیاواز بیت له‌وان ، خۆت له‌ هه‌موو ئه‌و كردارانه‌ به‌دوور بگره‌.

بۆ نمونه‌: فرۆشیار(مندوب) هه‌میشه‌ زۆر بڵێیه‌ و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌خاته‌ سه‌ر كڕیار و لێ ناگه‌ڕێت بیر بكاته‌وه‌، تۆ وا مه‌به‌، تۆ وا بكه‌ ئه‌وان زۆر بڵێن، با ئه‌وان ڕای خۆیان ده‌ربڕن، تۆ ته‌نها پرسیار بكه‌ و گوێگربه‌، تاوه‌كو له‌ داواكاری ئه‌وان تێبگه‌یت ئینجا كاڵا یاخود خزمه‌تگوزاریه‌كه‌ی خۆت به‌گوێره‌ی پێویستیه‌كه‌ی ئه‌وان پێشكه‌ش بكه‌.

بیر بكه‌وه‌ گه‌ر یه‌كێك دابنیشێت له‌گه‌ڵت و بیه‌وێت شتێكت پێ بفرۆشێت، حه‌ز ده‌كه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ چۆن بێت له‌گه‌ڵت، یاخود كه‌ دوایین جار شتێكی گرانبه‌هات كڕی فرۆشیاره‌كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی كرد و پاره‌كه‌ی تۆ به‌ده‌ست هێناا، ئه‌و خاڵانه‌ بنوسه‌، دواتر تۆش ڕاهێنانیان له‌سه‌ر بكه‌ و دوباره‌یان بكه‌وه‌.

 

 

٤٨-كه‌سێكی ڕاسته‌قینه‌به‌:

 

زۆركه‌س فرۆشتن به‌كاری خۆیان نازانن، ته‌نها ڕۆڵی فرۆشیارده‌گێڕن.

تۆ وا مه‌به‌، خۆتبه‌، واته‌ فرۆشیاری ڕاسته‌قینه‌ به‌ و ڕۆڵ مه‌گێڕه‌. خه‌ڵكی حه‌ز ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كه‌سانی ڕاست مامه‌ڵه‌ بكه‌ن.

بیهێنه‌ پێش چاوی خۆت،كاتێك كه‌سێك دێته‌ به‌رامبه‌رت و چه‌ند ڕسسته‌یه‌كی له‌به‌ر كردووه‌ و ده‌یانڵێته‌وه‌، ئایا تۆ شته‌كه‌ ده‌كڕیت كه‌ ئه‌وان بۆتی ده‌خوێننه‌وه‌؟

تۆ وا مه‌به‌، باسی چیرۆك و به‌شێك له‌ژیانی خۆت و ساته‌ تایبه‌ته‌كانت بكه‌، بیان به‌سته‌وه‌ به‌ به‌رهه‌م وكاره‌كه‌ت. هه‌وڵ بده‌ به‌ پێكه‌نینیان بخه‌یت.

واتا،سه‌ره‌تا خۆت بفرۆشه‌، گه‌ر توانیت خۆت بفرۆشیت به‌ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی كڕیار وبوون به‌ هاوڕێ له‌گه‌ڵی، ئه‌وا ده‌توانیت هه‌ر شتێكی تری پێ بفرۆشی.

 

 

٤٩-هه‌میشه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ بكه‌:

زه‌رده‌خه‌نه‌ سه‌ره‌تا ترین و گرینگترین شته‌ له‌كاتی فرۆشتندا، وه‌ كه‌مترین شته‌ كه‌وا ڕاهێنانی پێویست بێت، چه‌ند جارێك له‌ به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ قسه‌ بكه‌، وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌ ئاسایی خۆت قسه‌ بكه‌، هه‌ندێك جاریش به‌ جددی قسه‌ بكه‌، هه‌موو هه‌سته‌كان وه‌ربگره‌ و خۆت بڕیاری له‌سه‌ر بده‌.

 

 

٥٠-گوێبگره‌:

 

گوێگرتن له‌ هه‌موو هونه‌ره‌كانی فرۆشتن گرینگتر، له‌ هه‌ر هه‌موویان، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌هره‌یه‌ت نه‌بێت،بێگومانبه‌ ناتوانی سه‌ركه‌وتوو بیت.

بۆیه‌ گه‌ر ئه‌و به‌هره‌یه‌ت نیه‌،له‌خۆتی دا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ و ڕاهێنانی له‌سه‌ر بكه‌، چونكه‌، خه‌ڵكی ته‌نها گرینگی به‌خۆی ده‌دات، به‌لایه‌وه‌ گرینگ نیه‌ كه‌ تۆ چیت، گوێ بگره‌، بزانه‌ ئه‌وان چین، پرسیار بكه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وان، واته‌ كه‌ تۆش قسه‌ ده‌كه‌یت ده‌بێت ده‌رباره‌ی ئه‌وان بێت نه‌ك خۆت و به‌رهه‌مه‌كه‌ت، ته‌نها مه‌گه‌ر ئه‌وكاته‌ی ئه‌وان ده‌رباره‌ی ده‌پرسن.

له‌كاتی گوێگرتن نابێت ته‌نها به‌بێ ده‌نگی دابنیشیت،ناو ناوه‌ سه‌رت ده‌له‌قێنی وه‌ك هێمان بۆ تێگه‌یشتن و ئاگاداربوون، به‌ده‌مو چاوت هێمای پرسیار و سه‌رسوڕمان بنوێنه‌ تاوه‌كو به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ هه‌ست و كه‌سایه‌تی ئه‌و تێكه‌ڵ بیت و دڵی به‌ده‌ست بهێنیت.

له‌یادت بێت،هه‌تا زۆرتر قسه‌ بكه‌یت، زۆرتر كات به‌ كڕیاره‌كه‌ت ده‌ده‌یت بیر له‌ ڕێگاكانی به‌ڕێكردنی تۆ و ووتنی ((نه‌خێر)) ده‌كاته‌وه‌.

 

 

٥١-قسه‌ به‌ كڕیاره‌كه‌ت ببڕه‌ و پێكبه‌ستی بكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م یان خزمه‌تگوزایه‌كه‌ت:

 

له‌كاتی كه‌وا كڕیار ده‌ست به‌ قسه‌ ده‌كات و ئه‌ركی تۆ گوێگرتنه‌، ناوه‌ ناوه‌ ده‌بێت به‌ پرسیاركردن ده‌رباره‌ی خۆی و بارودۆخه‌كه‌ی قسه‌كانی ببڕیت.

بۆ نمونه‌ كاتێك كڕیار ده‌ڵێت من ئه‌و كۆمپانیایه‌م له‌ خاڵی سفره‌وه‌ گه‌یان به‌ ئه‌م شوێنه‌ی ئێستا ، یان كاتێك ده‌ستم به‌ كار كرد هه‌ر خۆم بووم وهیچم نه‌بوو، یان من له‌ خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار له‌دایك بووم و ئێستاش بووم به‌وه‌ی كه‌ هه‌م، قسه‌ كانی پێ ببڕه‌ و بڵێ: بێگومان ده‌تانه‌وێت هێشتا له‌گه‌وره‌بوون به‌رده‌وام بن و له‌ پێشكه‌وتن نه‌وه‌ستاون؟

ئه‌مه‌ وه‌ك هێمایێك كه‌وا تۆ بۆ ئه‌مه‌ له‌وێیت و ده‌توانیت یارمه‌تی بده‌یت گه‌ر سه‌ركه‌وتووش بێت، سه‌ركه‌وتووتری بكه‌یت.

 

 

٥٢-ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ت له‌یادمه‌كه‌:

 

بێگومان به‌ر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كڕیار له‌ چاوپێكه‌وتنێكی دوانه‌یی ڕوو به‌ڕوو دابنیشیت، ده‌بێت خۆتی بۆ ئاماده‌ بكه‌یت.

وای دابنێ تۆ بێژه‌رێكی و له‌به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كڕیاره‌كه‌ت ده‌رباره‌ی ژیانی ئه‌و چاوپێكه‌وتن ده‌كه‌یت، كه‌مێك له‌ باردودۆخ و ژیانی كه‌سه‌كه‌ بكۆڵه‌وه‌، جۆری بیركردنه‌وه‌ی وه‌ربگره‌، سروشتی كاره‌كه‌ی شاره‌زا ببه‌ و له‌ پێویستیه‌كانی بكۆڵه‌وه‌، بزانه‌ كێبڕكێكه‌ره‌كانی كێن و له‌ چ بازاڕێكدایه‌ و بازاڕی كاریان له‌ چ ئاستێك دایه‌، ئینجا بڕۆ له‌گه‌ڵی دابنیشه‌ و له‌و شتانه‌ی كه‌وا هه‌ستده‌كه‌یت پێویستی هه‌یه‌، بپرسه‌و زانیاریزیاتروه‌ربگره‌،ئینجا چاره‌سه‌ری خۆت پێشكه‌ش بكه‌.

 

٥٣-كڕیاره‌كه‌ت به‌ناوی خۆی بانگ بكه‌:

 

بیستنی ناوی خۆمان خۆشترین شته‌ له‌لای هه‌موومان، وه‌ ته‌نها كه‌سه‌ نزیكه‌كانیشمان به‌ناوی خۆمانه‌وه‌ بانگمان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ گه‌ر ده‌ته‌وێت له‌وان نزیك بیته‌وه‌ و هاوڕێیه‌تی دروست بكه‌یت، به‌ناوی خۆیانه‌وه‌ بانگیان بكه‌.

وه‌ ئه‌مه‌ش تۆ جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌ فرۆشیاره‌كانی تر به‌وه‌ی كه‌ وا خزمه‌تگوزاریه‌كه‌ی تۆ تایبه‌ته‌ و تۆ كڕیاره‌كه‌ت جیاكردۆته‌وه‌ له‌وانی تر.

 

٥٤-له‌كاتی خۆیدا له‌وێ به‌:

 

هه‌میشه‌ كۆتایی باش به‌ ئاسانی له‌سه‌ره‌تایه‌كی باش به‌ده‌ست ده‌هێنرێت، وه‌ كڕیار به‌ر له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌مت و قسه‌ كردنت، به‌ چه‌ندین فاكته‌ری تر بڕیارت له‌سه‌ر ده‌دات كه‌ ئایا گوێت لێ بگرێت یاخود نا.

گه‌ر له‌كاتی خۆیدا له‌وێ بوویت ، واته‌ تۆ كه‌سێكی جدیت و نرخ بۆ كڕیار و كاتی كڕیاره‌كه‌ت داده‌نێیت و له‌هه‌مان كاتیشدا له‌یه‌كه‌م به‌ڵێنی كه‌ دات (به‌ڵێنی ئاماده‌بوون له‌م كاته‌ و ئه‌م شوێنه‌) ڕاستگۆ بویت و بردته‌ سه‌ر.

 

ئه‌.ڕابه‌ر كه‌ریم

كۆمپانیای جیاساز بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری ته‌كنه‌لۆجی

 

له‌م بابه‌ته‌ش به‌شی پێشوو بخوێنه‌وه‌

فۆرشیاری سه‌ركه‌وتوو(مندوب)-به‌شی هه‌شته‌م: په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی٢

Tagged : /

فۆرشیاری سه‌ركه‌وتوو-به‌شی هه‌شته‌م: په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی٢

٤١-په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ترست له‌ناو ده‌بات:

هه‌رچی ترست هه‌یه‌ له‌ ڕوبه‌ڕو بوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی و فرۆشتن بیانژمێره‌، ترسه‌كانت بنوسه‌، ڕیزبه‌ندیان بۆ دابنێ و دانه‌ به‌دانه‌ ڕوبه‌ڕوویان ببه‌وه‌. باشترین ڕێگاش بۆ ئه‌م كاره‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیه‌،

زۆربه‌ی پاڵه‌په‌ستۆیه‌كانت له‌سه‌ر نامێنێت، چونكه‌ ڕووبه‌ڕوو نیت.

له‌هه‌مان كاتیشدا زانیاریێك په‌یدا ده‌كه‌یت ده‌رباره‌ی كڕیاره‌كه‌ و متانه‌یه‌ك په‌یدا ده‌كه‌یت له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا و دڵنیایی سه‌ركه‌وتنت زیاتر ده‌دات.

 

٤٢-ئه‌گه‌ر په‌یامی وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیت بۆ هات گوێی بۆ بگره‌:

ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیت كرد به‌ كڕیارێك و وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، په‌یامی بۆت نارد  جا چ ده‌نگی بێت یاخود به‌ نووسین، به‌ته‌واوی گوێ ی بۆ بگره‌، تۆنی ده‌نگی بخوێنه‌وه‌، بزانه‌ خێرا یاخود هێواش قسه‌ ده‌كات؟

بزانه‌ قه‌ره‌باڵغه‌ یاخود ده‌وروپشتی چۆله‌؟

كه‌سایه‌تی به‌هێزه‌ یاخود لاواز و له‌ره‌له‌ر دیاره‌؟

 

٤٣-ڕێژه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانت هه‌ژمار بكه‌ و لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌:

په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كان ده‌بن به‌ چاوپێكه‌وتن و چاوپێكه‌وتنه‌كانیش ده‌بن به‌ فرۆشتن و فرۆشتنیش پاره‌یه‌.

به‌ڵام له‌ هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كان ناتوانی دیدار و چاوپێكه‌وتن وه‌بگریت و له‌هه‌موو چاوپێكه‌وتنێكیش ناتوانی بگه‌یت به‌ فرۆشتن.

بۆیه‌ هه‌مووی لێكبده‌ره‌وه‌ ، بۆ نمونه‌: ئه‌گه‌ر پێویستیت به‌ ١٠ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی هه‌بێت بۆ وه‌رگرتنی ١ چاوپێكه‌وتن ((موعد)) و پێویستیت به‌ ٣ چاوپێكه‌وتن هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی فرۆشتنێكی سه‌ركه‌وتوو، وه‌ له‌ هه‌ر فرۆشتنێكیش  بڕی $١٥٠ت ده‌ست بكه‌وێت وه‌ك ده‌ستحه‌قی فرۆشتن (كۆمیشن) ئه‌وا تۆ هه‌ر ته‌له‌فۆنێك ئه‌نجامی بده‌یت $٥ی تێداده‌بێت بۆت.

كه‌واته‌ هیچ ته‌له‌فۆنێكت به‌خۆڕایی نه‌ڕۆیشتووه‌ و بێزار مه‌به‌ له‌ په‌یوه‌ندی كردن.

 

٤٤-كه‌سانی خاوه‌ن بڕیار هه‌میشه‌ زوو ده‌چێت بۆ كار و دره‌نگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ كار:

ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت بگه‌یت به‌ خاوه‌ن كاره‌ سه‌رقاڵه‌كان وخاوه‌ن پاره‌كان و كه‌سه‌ به‌ناوبانگه‌كان، ئه‌وا بێگومان ده‌بێت یان به‌ر له‌ ده‌ستكردن به‌كاره‌كه‌ی له‌ به‌یانی زوو ، یاخود به‌ر له‌ ده‌وامی، یانیش دوای ته‌واوبوونی ده‌وامی ئاسایی.

به‌ده‌ر له‌م كاته‌ش له‌كاتی خواردنی نانی نیوه‌ڕۆ كاتێك سكرتێر و یارمه‌تیده‌ره‌كانی ده‌ڕۆن بۆ ناخواردن و كه‌س نابێت له‌ جیاتی ئه‌و ته‌له‌فۆن هه‌ڵبگرێت.

وه‌ له‌م كاتانه‌ش هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك بوونی نیه‌ تاوه‌كوو ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی بكوژێنێته‌وه‌ یاخود بیانووی وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی هه‌بێت.

ئه‌وكاتانه‌ باشترین كاتن بۆ ده‌ست گه‌یشتن به‌ كه‌سانی خااوه‌ن كاری گه‌وره‌.

 

٤٥-وا بكه‌ ئه‌وان بڕیار بده‌ن نه‌ك و ترسی بڕیاردانیان له‌سه‌ر مه‌هێڵه‌:

A portrait of a young woman trying to make a decision over white background

به‌پێی زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌ ده‌روونیه‌كان، %٧٣ی خه‌ڵكی ناتوانن به‌یه‌كجار بڕیار بده‌ن و به‌ سه‌ركه‌شی ناوی ده‌به‌ن.

وه‌ هه‌ركاتێكیش هه‌ركه‌سێك په‌یوه‌ندیێكی بۆ بێت و داوای پاره‌شی تێدا بكرێت، ئه‌وا بڕیاردان قورستر ده‌كات.

تۆش ده‌زانیت كه‌ یه‌كتر دیتن و چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ بۆ وه‌رگرتنی پاره‌یه‌ له‌وان، بۆیه‌ بڕیاردان بۆیان قورس ده‌بێت.

ته‌كنیكه‌كه‌ لێره‌ ئه‌وه‌یه‌: له‌ ته‌له‌فۆن داوایان لێبكه‌ بۆ یه‌كتر دیتن له‌نێوان ٢ كاتدا یه‌كێك هه‌ڵبژێرن.

ئه‌مه‌ وایان لێ ده‌كات بڕیارێك بده‌ن و ترسیان له‌بڕیاردان بشكێت و ئااسانتربێت بۆیان بڕیااری كڕینه‌كه‌ بده‌ن.

وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا كاتێك كه‌وا ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن له‌سه‌ر دانیشتنه‌كه‌، چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ به‌ هی خۆیان ده‌زانن و كراوه‌تر گوێت بۆ ده‌گرن.

به‌ڵام هه‌رگیز نه‌كه‌یت بڵێیت هه‌ركاتێك دابنێن پێم ده‌كرێت، چونكه‌ له‌م كاته‌دا تۆ به‌بێ ئیش و لاواز ده‌رده‌كه‌ویت.

 

٤٦-با په‌یوه‌ندیه‌كه‌ت هاوڕێیانه‌ بێت:

خه‌ڵك به‌رگرتی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ فرۆشیاره‌كان، به‌تایبه‌ت كه‌وا كاتێك ئه‌وان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و داوا له‌ كڕیار ده‌كه‌ن بۆ كڕینی شتێك.

بۆیه‌ به‌ ڕه‌سمی قسه‌ مه‌كه‌، هه‌وڵ بده‌ هاوڕێیانه‌بیت و ئه‌و دیواره‌ له‌نێوانتان دروست نه‌بێت، بۆ نمونه‌ بڵێ : له‌گه‌ڵ كاك فلان قسه‌ ده‌كه‌م؟ چۆنی؟ هیوادارم ئه‌و سه‌رمایه‌، یاخود ئه‌و گه‌رمایه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر نه‌بووبێت.

 

ئه‌.ڕابه‌ر كه‌ریم

كۆمپانیای جیاساز بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری ته‌كنه‌لۆجی

فۆرشیاری سه‌ركه‌وتوو-به‌شی حه‌وته‌م: په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی

٣٤-ده‌ست بكه‌ به‌ به‌كارهێنانی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی :

به‌كارهێنانی ته‌له‌فۆن بۆ فرۆشتن ڕێگایێكی نمونه‌یی و نایابه‌ بۆ بنیادنانی فرۆشتنێكی ئاسان و سه‌ركه‌وتوو، وه‌ زۆر به‌ ئاسانیش تێیدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار كه‌می فرۆشیاره‌كان ئه‌م ته‌كنیكه‌ به‌كارده‌هێنن.

له‌هه‌مان كاتیشدا له‌ هه‌موو كات و شوێنێك ده‌توانیت به‌ كڕیاره‌كه‌ت بگه‌یت، وه‌ له‌كه‌مترین كاتدا سه‌رنجی ڕابكێشیت.

به‌ڵام وریابه‌، په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی بۆ ئه‌نجامدانی فرۆشتن نیه‌، به‌ڵكو بۆ وه‌رگرتنی چاوپێكه‌وتنێكه‌ له‌گه‌ڵ كڕیاره‌كه‌ تاوه‌كوو كاڵاكه‌تی پێ بناسێنیت.

 

٣٥-هه‌وڵ بده‌ هه‌تا ده‌گه‌یت به‌ خاوه‌ن بڕیار:

زۆربه‌ی جار، كڕیاره‌ باشه‌كان كاتیان كه‌مه‌، بۆ ئه‌مه‌ له‌ سه‌ره‌تادا كه‌سانێكی تر ده‌بینیت و پێویستیت ده‌بێت كه‌وا ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وان به‌ده‌ستبێنیت تاوه‌كوو بگه‌یت به‌ خاوه‌ن بڕیار.

هه‌وڵ مه‌ده‌ سوكایه‌تی به‌وان بكه‌یت یاخود یاری و فرت و فێڵیان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت، ڕاسته‌ ئه‌وان ناتوانن بڵێ ((به‌ڵێ)) و شته‌كه‌ت لێ بكڕن، به‌ڵام ده‌توانن بڵێن ((نه‌خێر)) و كرداری فرۆشتنه‌كه‌ تێك بچێت.

 

٣٦- له‌كاتی په‌یوه‌ندی كردندا ده‌سته‌واژه‌ی داواكردنی یارمه‌تی به‌كاربهێنه‌:

كاتێك په‌یوه‌ندی به‌كه‌سێكه‌وه‌ ده‌كه‌یت ، ته‌نها ٣ چركه‌ت هه‌یه‌ تاوه‌كو سه‌رنجی ڕابكێشیت، زۆرجار ده‌توانی بڵێیت: ده‌توانم داوای یارمه‌تیێكت لێ بكه‌م؟

خه‌ڵكی زۆربه‌ی جاره‌كان ده‌ڵێن به‌ڵێ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌وا حه‌ز به‌ یارمه‌تی دانی كه‌سانی تر ده‌كه‌ن.

دوای ووشه‌ی به‌ڵێ، ده‌توانیت داوای كات یاخود سه‌رنج یاخود چاوپێكه‌وتنێكی لێ بكه‌یت وه‌ك یارمه‌تی.

 

 

٣٧- هه‌وڵ بده‌ له‌ كه‌مترین كاتدا په‌یامه‌كه‌ت بگه‌یه‌نیت:

وه‌ك باسمان كرد ته‌له‌فۆن بۆ فرۆشتنی كاڵا نیه‌، بۆ وه‌رگرتنی چاوپێكه‌ونێكی ١٠خوله‌كیه‌. بۆیه‌ كورت و پوخت به‌،

ئه‌مه‌ وا ده‌كات كڕیار لێت بێزارنه‌بێت و ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێت كه‌وا له‌كاتی چاوپێكه‌تنیش كاتی زۆر بگریت.

به‌ر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بكه‌یت، ئه‌و قسانه‌ی كه‌وا به‌ته‌مایت بیانكه‌یت بیاننووسه‌وه‌، بیابلێره‌وه‌، دووباره‌ و سێ باره‌، تاوه‌كوو ده‌ربڕینه‌كه‌ت ڕه‌وان ڕێك بێت.

له‌هه‌مان كاتدا دووربكه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌ی كه‌وا وه‌ك فرۆشیار پیشانت ده‌دات و ئاسایی قسه‌ بكه‌.

 

 

٣٨- هه‌موو كڕیارێ تایبه‌ته‌:

هه‌میشه‌ له‌كاتی فرۆشتن پێویسته‌ سكریپتێكت هه‌بێت به‌شێوازی نوسراو و له‌سه‌ری بڕۆیت ، به‌ڵام نابێت ته‌نها ١ سكریپت بۆ هه‌موو كڕیاره‌كانت به‌كاربهێنیت به‌تایبه‌ت گه‌ر بواری كاركردنیان جیاواز بوو، واته‌ بۆ كڕیارێك كه‌وا بازرگانه‌ له‌گه‌ڵ كڕیارێك كه‌وا فه‌رمانبه‌ره‌ ده‌بێت ووته‌ی جیاواز و ده‌ستپێكی جیاوازت هه‌بێت

 

٣٩-كاتێك كڕیار ووتی كاتم نیه‌ ، جێی مه‌هێڵه‌:

زۆربه‌ی جار كاتێك په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سێكه‌وه‌ ده‌كه‌یت، ده‌ڵێت ببوره‌ كاتم نیه‌، مه‌هێڵه‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌ دابخات تاوه‌كو كاتێكی گونجاوی لێ وه‌رنه‌گریت.

بڵێ : زۆر چاكه‌ ، ئه‌ی كه‌ی كاتتان ده‌بێت؟ ده‌توانم دوای یه‌ك كاتژمێری تر په‌یوه‌ندیت پێوه‌ بكه‌مه‌وه‌؟

به‌ كراوه‌یی جێی مه‌هێڵه‌ و چاوه‌ڕێش مه‌كه‌ ئه‌و بۆت بكاته‌وه‌، وه‌ دڵنیاش ببه‌ كه‌وا شتێكی پێ بڵێیت چاوه‌ڕێت بێت تاوه‌كو پپه‌یوه‌ندی پێوه‌ بكه‌یت، نه‌وه‌كو ژماره‌كه‌ت بلۆكك بكات.

ئه‌گه‌ریش ووتی كاتم نیه‌ بۆت و نابم به‌ كڕیارت، به‌دڵێكی فراوان وه‌ری بگره‌ و ده‌ستخۆشی لێ بكه‌، چونكه‌ دڵنیابیت له‌وه‌ی كه‌سێك نابێته‌ كڕیارت باشتره‌ له‌وه‌ی چه‌ند ڕۆژ و سه‌عاتێك چاوه‌ڕێی په‌یوه‌ندی ئه‌و بیت به‌وهیوایه‌ی ببێت به‌ كڕیار و له‌كۆتایشدا پێبڵێت نه‌خێر.

 

٤٠-هه‌رگیز له‌په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیدا باسی كاڵاكه‌ت مه‌كه‌:

زۆربه‌ی جار كڕیار بۆ ئه‌وه‌ی وازی لێبهێنیت ، به‌دوای بیانوێك ده‌گه‌ڕێت تاوه‌كو له‌كۆڵی ببیته‌وه‌،

بۆیه‌ ده‌ڵێت كاڵاكه‌ت چۆنه‌؟ چۆن كار ده‌كات؟ به‌چه‌نده‌؟ و چه‌ندین پرسیاری تر.

ئه‌مه‌ وا تێمه‌گه‌ كه‌وا ده‌یه‌وێت كاڵاكه‌ت بكڕێت، پێی بڵێ منیش له‌به‌رئه‌مه‌یه‌ داوای چاوپێكه‌وتن ده‌كه‌م تاوه‌كو ئه‌مانه‌ت بۆ ڕوون بكه‌مه‌ و چه‌ند شتێكیشت پیشان بده‌م.

به‌ ووشه‌ی ((پیشان بده‌م)) واتا به‌ ڕێگای ته‌له‌فۆن ناكرێت و پێویسته‌ یه‌كتر ببینن، بۆیه‌ هیچ ڕێگایه‌كی تر نادۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زوو خۆی له‌ده‌ستت ڕزگار بكات له‌كاتێكدا هیچ ده‌رباره‌ی كاڵا یاخود خزمه‌تگوزاریه‌كه‌ت نازانێت.

 

ئه‌.ڕابه‌ر كه‌ریم

كۆمپانیای جیاساز بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری ته‌كنه‌لۆجی

 

فه‌رموو به‌شی شه‌شه‌م له‌م لینكه‌ بخوێنه‌وه‌

فۆرشیاری سه‌ركه‌وتوو(مندوب)-به‌شی شه‌شه‌م: هه‌ڵكۆڵین2

 

Tagged : /

١٠١ ڕێگا بۆ فرۆشتن كه‌ ده‌تكات به‌ فرۆشیارێكی سه‌ركه‌وتوو:بەشی یەکەم

هه‌موومان ده‌مانه‌وێت كارێكی سه‌ركه‌وتومان هه‌بێت و به‌رهه‌م و پڕۆژه‌كانمان پڕ فۆشترین بن و زۆرترین داهات به‌ده‌ست بێنن.

بێگومان هه‌رچه‌نده‌ كارێكی گونجا و بیرۆكه‌یه‌كی نایابت هه‌بێت و به‌ پلانه‌وه‌ ده‌ست بكه‌یت به‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانت، و پاره‌یه‌كی زۆریش له‌ كاڵا و كوالێتی كاڵاكانت خه‌رج بكه‌یت، به‌ بێ پلانی فرۆشتن و كه‌س لێهاتوو بۆ فرۆشتن كه‌وا هه‌موو مه‌رجه‌كانی فرۆشیارێكی سه‌ركه‌وتووی تێدابێت ناتوانیت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنیت.

ئایا ئه‌م بابه‌ته‌ بۆمن گونجاوه‌؟

گه‌ر تۆ خاوه‌ن كاریت و به‌دوای نوێنه‌رێكی فرۆشتنی سه‌ركه‌وتوو داده‌گه‌ڕێیت

یاخود تۆ نوێنه‌ری فۆرشتنیت (مندوب) و ده‌ته‌وێت په‌ره‌ به‌ تواناكانت بده‌یت و سه‌ركه‌وتووتر بیت له‌ كاره‌كه‌ت.

یاخود ده‌ته‌وێت ده‌ست به‌ كاری فۆشتن بكه‌یت و سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌زمونه‌كه‌ت سه‌ركه‌وتوانه‌ به‌وه‌نجام بگه‌یه‌نیت ئه‌م بابه‌ تایبه‌ته‌ بۆ تۆیه‌ و به‌رده‌وامبه‌ له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو ١٠١ خاڵه‌كه‌ كه‌ له‌م زنجیره‌ باسه‌دا باس ده‌كرێت.

 

بەشی یەکەم : تایبەتمەندی کەسێتی

کەسایەتی

كه‌سایه‌تی فرۆشیار زۆر گرینگه‌ و به‌و ده‌ست پێ ده‌كه‌ین چونكه‌ گه‌ركه‌سێك كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی گونجاو نه‌بێت بۆ ئه‌م كاره‌ گرینگ نیه‌ هه‌ر كام له‌ خاسیه‌ته‌كانی تری تێدابێت ئه‌وا سه‌ركه‌وتوو نابێت

زۆربه‌ی خه‌ڵكی كه‌سایه‌تی ته‌نها له‌ جل و به‌رگ كۆ ده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام كه‌سایه‌تی زۆر لایه‌نی دیكه‌شی هه‌یه‌ كه‌وا زۆر گرینگترن له‌ ته‌نها جل و به‌رگ و ئه‌ته‌كێت.

 

١-راستگۆ و رەوشت بەرز بە

نوسەر Will Rogers دەڵێ
{دەمەوێ ئەو پیاوە بم کە پردی برۆکلینی کڕی لەوەی کە فرۆشتی}
راستگۆیی و رەوشت بەرزبوون شتێکی زۆر گرینگه‌ بۆ کڕیارەکانت و به‌رده‌وام بوونی خودی پڕۆژه‌كه‌، لەوانەیە له‌ زۆربەیان باشتر بێت بۆت. زانینی ئەوەی کە تۆ رەوشت بەرز و راستگۆ بووی لەگەل كڕیاره‌كانت و ئەوانەی کاریان لەگەل دەکەی، وات لێ دەکات هەست بە به‌ره‌وپێشچوون و دلنیایی بکەیت دەربارەی خۆت. مەهێڵە هیچ فریودانێک بۆ ماوەیەکی کەم ببێتە هۆی ئەوەی ناپاک بیت یاخود پێشچاوت بخات لەگەل ئەوانەی تر.

هه‌میشه‌ ڕاستی بڵێ سه‌باره‌ت به‌و خاسیه‌تانه‌ی له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ت دا هه‌یه‌ و له‌وانه‌شی كه‌ تێی دا نیه‌.

به‌ڵام وریابه‌ له‌وه‌ی كه‌وا نابێت به‌ نه‌رێنی باسی به‌رهه‌مه‌كه‌ت بكه‌یت. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕت به‌ كاڵاكه‌ت نیه‌ و دڵنیا نیت لێی. وا باشتر ده‌ست به‌ فرۆشتنی نه‌كه‌یت هه‌تا لێی دڵنیا ده‌بیت. چونكه‌ گه‌ر وا نه‌كه‌یت، یان ده‌بێت به‌ خاڵی نه‌رێنی له‌سه‌ر كاڵاكه‌ت و ده‌بێت باسیان بكه‌یت، یانیش ده‌بێت كڕیاره‌كانت هه‌ڵبخه‌له‌تێنیت، كه‌ ئه‌مانه‌ش په‌سه‌ند نین.

٢-خۆڕاگربوون

خۆراگربوون واتە بوون بە هەموو شتێک ، هەمان کەس بی لە ناوەوە یاخود لەدەرەوە، خۆراگربوون واتە راستگۆ بوون لەگەل خۆت و کەسانی تر لە نرخی خۆت و باوەڕیت. لەکاتی فرۆشتن کاتێک کە خۆڕاگریت هەبێت واتە تۆ باوەری بەخۆت و رێکخستنەکانت پەیا دەکەی هەروەها بە بروا بەخۆبوون ئەوشتانەی کەدەتەوێ دەیانفرۆشی. بەخۆراگری ژیانت یەک دەگرێت لەگەل کەسایەتیت. دەبینی فرۆشتن شتێکی سروشتیە و هاندەری ناوخۆیت دەبێت چونکە کارکردنت واتە کاردانەوەی راستی خۆت. ناتوانیت فێڵ لە خۆراگری بکەیت.

خۆڕاگری زۆر پێویسته‌ چ له‌و پاڵه‌ په‌ستۆیه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستكردن به‌ فرۆشتن بۆ كاڵایه‌كی نوێ ئه‌نجامی ده‌ده‌یت، چ له‌سه‌ر پرته‌ و بۆڵه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ت یاخود له‌سه‌ر گله‌یی و داواكاری زۆری كڕیاره‌كانت. ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ره‌وه‌ سه‌ركه‌وتنت ده‌بات و ناودارت ده‌كه‌ن.

٣-پێشبرکێ کردن بۆ گەیشتن بە ئاستی بەرزتری سەرکەوتن

پێشبرکێ کردن کەسایەتی بەرهەم دێنێ تا بەرەنگاربوونەوە، بەزۆری ئێمە وا بیر دەکەینەوە کە باشترینی خۆمان پێشکەش دەکەین. ئەرکی پێشبرکێ کردنمان هاندەرمان دەبێت بۆ ئەوەی کاری باشتر بکەین. لەرێگەی پێشبرکێ کردنمان دەسکەوتی وامان بۆ دەردەکەوێت کە پێشتر نەماندەزانی.لەکاتێکدا تەنانەت ئەگەر پێشبرکێکردنەکەش کۆتایی پێ بهێنین لە نێو خۆماندا، ئێمە دەتوانین باش ببینین کە ئەم ئەنجامانە ئەنجامی باشترین کەسانی ئێمەن.

بۆیه‌ هیچكات توڕه‌ و دڵگران مه‌به‌ له‌وه‌ی كه‌وا ئامانجت بۆ دیاری ده‌كرێت له‌ بڕی فرۆشتن له‌ ماوه‌ی دیاری كراو، ئه‌مه‌ وا ده‌كات زیاتر تواناكانت بخرێنه‌ گه‌ڕ و خۆشت شتێكت هه‌بێت به‌ ژماره‌ له‌سه‌ری بڕۆیت. ئه‌گه‌ر به‌رپرسه‌كه‌ت ئامانجی بۆت دیاری نه‌كرد. خۆت بۆ خۆتی دابنێ و هه‌میشه‌ له‌ پێشبڕكێبه‌ له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كه‌ت.

 

ئه‌.ڕابه‌ر كه‌ریم

كۆمپانیای جیاساز بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری ته‌كنه‌لۆجی

 

لێره‌دا به‌شی دووه‌می بابه‌ته‌كه‌ بخوێنیته‌وه‌ و درێژه‌ به‌ شاره‌زاییه‌ كاتن بده‌یت.

Tagged : / / /

فۆرشیاری سه‌ركه‌وتوو-به‌شی شه‌شه‌م: هه‌ڵكۆڵین2

٢٩-سکاڵا بەخێرهاتووەکان

چارەسەرکردنی سکاڵایەک بۆ کڕیارێک ڕێگایەکی سەرسوڕهێنەرە تا بازرگانی و فرۆشتنه‌كانت زیاتربێت .

کێشەکە لەسەر ئەستۆی کڕیارەکە لاببە و بخە ئەستۆی خۆت . لەجیاتی ئەوەی داوای لێ بکەیت کە پەیوەندی بە بەشی خزمەتگوزاریەکان بکات . تۆ خۆت دەتوانی پەیوەندی بە بەشی خزمەتگوزاریەکان بکەیت .  . چارەسەرکردنی کێشەکان واتا گۆرینی لیمۆ بۆ ئاوی لیمۆ واته‌ بۆ كڕیاری ئاماده‌ده‌كه‌یت و وا ده‌كات كه‌وا زیاتر متمانه‌ت پێ بكات و بۆ هه‌ر شتێكی تر باوه‌ڕ به‌تۆ بكات .

٣٠-ده‌فته‌ر پەیوەندی کڕیارەکە بەکاربێنە بۆ دەستکەوتنی كڕیاری تر:

پێش ئەوەی داوای كڕیاری تر، سه‌ره‌تا ژماره‌ و زانیاری تایبه‌ت به‌خۆت بده‌ به‌وان تاوه‌كو په‌یوه‌ندیت پێوه‌ بكه‌ن له‌كاتی هه‌ر پرسیارێك.دواتر ده‌توانی ده‌ستپێبكه‌ی و داوای زانیاری پەیوەندی لە کڕیارەکە بکە ، ئەوان دەتوانن

ناو ، ئەدرێس ، ژمارەی تەلەفۆنت بنوسن لە کاتی بوونی هەر پرسیارێک . ئەمەش ئاسانە داوای

كڕیاری تر بکەیت کاتێک ده‌فته‌ری ئەدرێسەکەیان کراوەیە .

هەروەها ئەمە بۆ ئه‌وانه‌ش ده‌كرێت کە هیچ ناکڕن. پێیان بلێ کتێبی ئەدرێسەکەیان دەربهێنن

ئەگەر فکرەیان گۆڕی بۆ ئەوەی پەیوەندیت پێوەبکەن .

٣١-داوا له‌ كڕیاره‌كانت بكه‌ كه‌وا پێشنیاری تۆ بكه‌ن:

هەتا ئەگەر كڕیاره‌كه‌ت نەکڕێت ، دەتوانی سەرکەوتووبی لە داواکردنی ناوی تر ، داواکردن لە خاوه‌ن كاره‌كه‌ بۆ ئەوەی ئاماژەت پێ بکات ئاماژەکردنەکە لەسەر ئاستی کەسی دەبێت .

خاوه‌ن كار سەرنجی تۆی داوە لەکار و دەزانێت تۆ بایەخ پێدەر و هەستیاری . ئەو کەسە

هەموو هۆکارێکی باوەڕکردنی هەیە کە تۆ بەهەمان شێوە هەڵسوکەوت دەکەیت لەگەڵ ئەوانی تردا .

٣٢-هه‌میشه‌ فڵایه‌ر و فۆڕمی داواكاری (اسمارة طلب) به‌جێ بهێڵه‌.

كاتێك به‌ یه‌كێك ده‌ڵێیت پێشنیارت بكات بۆ كه‌سانی تر ده‌بێت شتێكی به‌رجه‌سته‌ به‌جێ بهێڵیت كه‌وا باسی خۆت و كاره‌كه‌ت بۆی بكات، چونكه‌ كه‌ر خاوه‌ن كاره‌كه‌ كڕیاری به‌رهه‌مه‌كه‌ت نه‌بێت مه‌رج نیه‌ هه‌موو زانیاریه‌كانی به‌ زازره‌كی بۆیت ڕوونكردۆته‌وه‌ بیری بمێنێت. بۆیه‌ به‌جێهێشتنی فڵایه‌ر و فۆڕم وا ده‌كات كه‌وا هه‌میشه‌ له‌مێشكی خاوه‌ن كاردابیت و به‌ ئاسانی پێشنیاری تۆ بكات بۆ كه‌سانی تر.

٣٣-هەمیشە کارتی کارکردنت(بزنس كارد) هەڵگرە

هه‌رگیز له‌بیر نه‌كه‌یت كارتی كه‌سیت هه‌ڵگریت، مه‌رج نیه‌ ته‌نها له‌كاتی كاركردنت دابیت ئینجا بزنس كاردت پێ بێت، ڕه‌نگه‌ له‌كاتی ده‌رچونێكی خێزانی یاخود كه‌سی دابیت و باشترین فرۆشتن ئه‌نجام بده‌یت. بۆیه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ بزنس كارده‌كه‌ت له‌ گیرفانت دابێت بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌بیت بۆ هه‌ر فرۆشتنێك له‌ هه‌ركاتێكدابیت.

ئه‌.ڕابه‌ر كه‌ریم

كۆمپانیای جیاساز بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری ته‌كنه‌لۆجی

Tagged : / /

فۆرشیاری سه‌ركه‌وتوو-به‌شی پێنجه‌م: هه‌ڵكۆڵین

له‌ درێژه‌ی بابه‌تی چۆنیه‌تی بوون به‌ فرۆشیارێكی سه‌ركه‌وتوو ئه‌مجاره‌ باسی هه‌ڵكۆڵین له‌ فرۆشتن ده‌كه‌ین كه‌وا كڕۆكی كاره‌كه‌یه‌ و كه‌سی فرۆشیار ده‌بێت تیایدا زۆر شاره‌زابێت، ئه‌ویش به‌ چه‌ند هه‌نگاوێ ده‌كرێت:

25-چەندجارەكردنی پەیوەندیەكانت

هەتا ئه‌گه‌ر چویتە شارێكی تر و سێ كەسی ترت ناسی و ئەم سێ كەسە تەنها سێ كەسی تری بناسن , كەواتە تۆ نۆ كەس پەیوەندی لە پەیوەندیت هەیە ئەم پەیوەندی لە پەیوەندیانە زۆر دەبن بۆ 27 پەیوەندی لە پەیوەندی بەمەش زیاتر دەبێت بۆ 81 پەیوەندی لە پەیوەندی كەواتە تۆ زۆرتر پەیوەندیت دەبێت لەوەی كە چاوەروانت دەكرد.

كه‌واته‌ هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندی دروست بكه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌وا ده‌یان ناسیت ڕاسته‌وخۆ ناوه‌كان و ژماره‌ی مۆبایلیان تۆمار بكه‌، جۆری په‌یوه‌ندیت به‌ كه‌سان تۆمار بكه‌ كه‌وا چۆن ناسیوته‌ تاوه‌كو له‌بیر نه‌كه‌یت. گرینگی به‌ په‌یوه‌ندی بده‌ ئه‌گه‌ر بچوكیش بن، چونكه‌ ده‌تگه‌یه‌نێت به‌ په‌یوه‌ندیه‌ گه‌وره‌كان.

26-لیستی كڕیاره‌ سەرەكیەكان درووست بكە


زۆربەی جارەكان , وا بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌ كەوا فرۆشتنی كاڵا یاخود خزمه‌تگوزاریه‌كه‌ت تەنها یەك مامەڵە كردنە, به‌ڵام ده‌كرێت وا نه‌بێت. كاتێك كه‌سێك ده‌بێته‌ كڕیارت، دوای كۆتای پێهێنانی پڕۆسه‌ی فرۆشتن، چه‌ندین فرۆشتنی دیكه‌ ئه‌نجام بده‌یت به‌هۆی ئه‌م كڕیاره‌وه‌. دەتوانی لیستی ناوی كۆمه‌ڵێك كڕیاری ترت پێ بدات و له‌ڕێی ئه‌وه‌وه‌ ده‌ستت بگات به‌ كه‌سانی نوێ به‌بێ گه‌ڕان و سه‌رئێشه‌. ، هه‌ر كڕیارێكت هاوڕێ و هاوده‌م و هاوكاره‌كانی له‌ هه‌مان بواردا كار ده‌كه‌ن، تۆ ده‌كرێت گه‌ر متمانه‌ی كڕیاره‌كانت به‌ده‌ست خست، ئه‌وانیش په‌سه‌ندت بكه‌ن له‌لای كڕیاری تر و به‌مه‌ش زۆرتر و خێراتر بفرۆشیت. بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ به‌رده‌وامی لیستی ناوی كڕیاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانت لابێت، تاوه‌كو له‌كاتی پێویست پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكه‌یت و به‌خواردنه‌وه‌ی یه‌ك چای له‌گه‌ڵیان، كڕیاری تر په‌یدا بكه‌یت.

27-پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی كڕیاره‌ په‌سه‌نده‌كانی تایبەت بە خۆت


ئامانجێكی بە هۆش دابنێ بۆ بەرزكردنەوەی لیستی ناردنەكانت بۆ هەموو پەیوەندیەكانی فرۆشتن. له‌و لیسته‌ی كه‌ هه‌ته‌، كڕیاره‌كانت پله‌به‌ند بكه‌، به‌ گوێره‌ی گرینگترین بۆ گرینگ پاشان ئاسایی، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش بزانه‌ كامه‌یان له‌ كامه‌ بواری تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن، واتا پۆلینیان بكه‌ و به‌گوێره‌ی پۆلین كاریان له‌سه‌ر بكه‌، بۆ نمونه‌، گه‌ر كڕیاره‌ گرینگه‌كانت له‌ بواری ئاو یان ده‌رمان  یان هه‌ر بوارێی تر كار ده‌كه‌ن، هه‌وڵ بده‌ زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ شاره‌زایی په‌یدا بكه‌یت تاوه‌كو قولتر له‌ كێشه‌ و چاره‌سه‌ره‌كانی تایبه‌ت به‌م بواره‌ تێ بگه‌یت، ئه‌مه‌ش وات لێ ده‌كات كاتێك ده‌ڕۆیته‌ لایان بۆ فرۆشتنی كاڵاكه‌ت، وا هه‌ست بكه‌ن كه‌وا تێیان ده‌گه‌یت و تۆ ئه‌و كه‌سه‌یت كه‌وا ده‌توانیت خزمه‌تیان بكه‌یت یاخود كاڵاكه‌ت سودیان پێ ده‌گه‌یه‌نێت . هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌گه‌یت به‌ كۆمپانیای گه‌وره‌تر له‌م بواره‌ و ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و كه‌سانی سه‌رمایه‌دار، كه‌ ئه‌مه‌ش جیاكاریێكی ترت پێ ده‌به‌خشێت له‌ كه‌سانی تر.

28-دروسكردنی په‌یوه‌ندی لە رێگای بیركردنەوەی درێژخایەن

دروستكردنی پەیوەندیە درێژخایەنەكان لە رێگەی بیركردنەوەی درێژخایەن. زۆربەی خەڵك دەست بە پەیوەندیەك دەكات بە ویستنی دانانی یەك دۆلار و دەستكەوتنی دە دۆلار. تۆ ده‌توانی پەیوەندیەكی بەردەوام بنیات بنێی بە دانانی دە دۆلار و وەرگرتنی یەك دۆلار. به‌ڵام سەرئەنجام تۆ بیست دۆلارت بۆ دەگەرێتەوە. هەندێك جار بەرهەم و خزمەتگوزاریەكانت ناگونجێن لەگەل داواكاری چاوەروانكراوەكانت و تۆ دەزانیت بەرهەم و خزمەتگوزاریەكانی یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكانی تر راستەوخۆ لەگەل داواكراوەكانی دەگونجێت. لە حالەتێكی ئاوادا درێژخایانانە بیربكەوە و پەسەندی بەرهەم و خزمەتگوزاریەكان پێشبركێكاره‌كه‌ت بكە، ڕه‌نگه‌ له‌م فرۆشتنه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بیت به‌ڵام مانای سه‌رنه‌كه‌وتنیش نادات، چونكه‌ تۆ متمانه‌یه‌كت بنیات نا له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاستگۆیی، بۆ جاره‌كانی داهاتوو و به‌رهه‌می دیكه‌، ڕاسته‌وخۆ باوه‌ڕت پێ ده‌كات. ئەو بروا پێكردن و متمانەیەی تۆ دایدەمەزرێنی لەگەل كڕایه‌كه‌ت قازانجێكی گەورە دەدات لە داهاتوودا لەلایەن كڕایاره‌كه‌ و هاورێكانی .

یانیش زۆرجار تۆ ده‌زانیت كه‌وا كڕیاره‌كه‌ت پێویستی به‌م كاڵایه‌ی تۆ نیه‌م تێی بگه‌یه‌نه‌ و پێی بڵێ كه‌وا پێویستی به‌ شتێكی تره‌ كه‌ تۆ نیته‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌وا متمانه‌ی زۆر تۆكمه‌ دروست بكه‌یت.

 

ئه‌.ڕابه‌ر كه‌ریم

كۆمپانیای جیاساز بۆ خزمه‌تگوزاری و چاره‌سه‌ری ته‌كنه‌لۆجی

١٠١ ڕێگا بۆ فرۆشتن- به‌شی چواره‌م، كارامه‌ییه‌كانی فرۆشتن

ئاستی دووه‌م : کارامەییەکانی فرۆشتن

پلاندانان و تیشک خستنەسەر

 

٢٠-تیشک بخەرە سەر خاڵە گرنگەکان

ئامانجەکانت دابنێ و تیشک بخەرە سەر خاڵە گرنگەکان، بیر لەو چاڵاکیانه‌ بکەوە کە راستەوخۆ بەستراوە بە فرۆشتنەوە. کۆمپانیاکانیش زۆرجار شکست دەهێنن به‌ هەمان ئەو هۆکارانەی كه‌ نوێنەره‌كانی فرۆشرن شکستیان لێ دەهێنن، کە نا ڕوونی له‌ ئامانج و جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌. به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر كاتیشت بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و هێزیشت په‌رت نابێت ، گورزێکی لێزەری چڕ دەتوانێت پۆڵای پتەو ببڕێت.

گه‌ر تۆش وه‌ك لێزه‌ر كار بكه‌یت هه‌مان ده‌ستكه‌وتت ده‌بێت گه‌ر كاره‌كه‌شت سه‌خت بێت وه‌ك پۆڵا.

 

٢١-لە ئەنجامەکانت دلنیا بەوە

پلان دابنێ بۆ ئەنجامەکانت ، نەک بۆ ڕووداوه‌كان. کێشەی زۆربه‌ی كتێبه‌كانی بەرێوەبردنی کات  ئەوەیە کە گرینگی به‌ رووداوەکان ده‌ده‌ن لە جیاتی ئەوەی ئەنجامەکانی بده‌ن. تیشک خستنە سەر ئەم کتێبانە بۆ هەلستان بە دروستکردنی لیست و بەرنامەی کارکردنە نه‌وه‌ك خوودی كاره‌كه‌. هه‌مووجارێك پرسیار لە خۆت بکە چەند جارێک لە رۆژێکدا. ئایا ئەوەی من دەیکەم ئێستا بەرەو فرۆشتنی زیاترم دەبات ؟ ئەگەر وەڵامەکەت نەخێر بێت ئەوا بووەستە لەوەی ئەنجامی دەدەیت و دیسان تیشک بخەرە سەر هەوڵ و ئەرکەکانت ، کە دەتبات بەرەو فرۆشتنی زیاتر.

 

٢٢-سەرژمێریەکانت بپارێزە

کۆمەڵێک ئاماری سەرەکی دابنێ بۆ حالەتەکانی فرۆشتن. ئامارە سەرەکیەکانت زۆربەی ئەمانە دەگرێتەوە:

  • ژمارەی تەلەفۆن بۆ پەیوەندیەکانی دەستکەوتنی چاوپكه‌وتن کردن (موعد)
  • . ژمارەی تەلەفۆن بۆ پەیوەندیەکانی دەستکەوتنی ئیمزا و گرێبه‌ست .
  • دەستکەوتنی ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی كه‌ ده‌تگه‌یه‌نێته‌ پلانه‌كه‌ت .

لەم ژمارانە دەتوانی بڕی پاداشتی(كۆمیشن)ی هه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كی تەلەفۆنی و پاداشتی هه‌ر چاوپێكه‌وتنێكت پێشبینی بکەیت. سەرژمێریەکان بەکاربهێنە بۆ چاودێری کردنی ئەنجامەکانت بۆ دیاری کردنی رووبەری گرفتەکان. بۆ نموونە دەبینی ئاستی فرۆشتن کەمی کردووە لەم هەفتەیە ، لەرێگەی چێککردنەوەی سەرژمێریەکانت دەتوانی چارەسەرێک بدۆزیتەوە کەوا بۆچی وای لێهاتووە و کاری لەسەر بکەیت بۆ چاککردنەوەی.

 

٢٣-تێگەیشتن لە یاسای تێکڕا

لەگەل تێپەڕینی کات هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانت به‌ تێكڕا لێك بده‌وه‌ و هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێ به‌ ماوه‌یه‌كی باش له‌ فرۆشتنی سه‌ركه‌وتوو، یاخود ماوه‌یه‌ك له‌ هه‌وڵی شكست خواردوو و نه‌فرۆشتن،گه‌ر شەش فرۆشتن سه‌ری گرت بۆ دە چاوپێكه‌وتن و پێشكه‌شكردن واته‌ سه‌ركه‌وتنت ٦٠% یه‌ .لەگەل ئەوەشدا ، جاری وا هه‌یه‌ لەوانەیە فرۆشتنت تەنها یەک لە دە بێت یاخود نۆ لە دە. لە لایەکەوە ئەگەر تێکرای تایبەت بە خۆت یەک لە دە بێت لە هەفتەیەکی دیاریکراودا ئەوا دان بە یاسای تێکرا دابنێ و بێ هیوا مەبە، وا مه‌زانه‌ كه‌وا تۆ زۆر خراپی، لە لایەکی ترەوە ئەگەر تێکڕای تایبەت بە خۆت نۆ لە دە بێت لە هەفتەیەکی دیاریکراودا ،هەروەک چۆن دەزانین کە یاسای تێکڕا کاردەکات ، وا مه‌زانه‌ تۆ لێهاتووترین كه‌سیت و دیسان تێكڕا وه‌ربگره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆت بزانیت.

 

٢٣-ئەوەی کار کراوە دووبارە بکەوە

پاش ئەوەی رۆژێکی زۆر باشت هەبوو ، چیت کردووە تاقی بکەوە و دووبارەی بکەرەوە. دوای هەمان پرۆسێس بکەوە بۆ هەفتەیەکی زۆر باش و ساڵێکی زۆرباش.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵه‌ وورده‌كانت له‌بیر مه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ت ئه‌م جاره‌ ئاسانتر و ساناتر بێت تاوه‌كو به‌ كه‌مترین كات زۆرترین فرۆشتن بكه‌یت.

 

٢٤-ئامادەکاری بکە بۆ چاوەروان نەکراوەکان

لە جیاتی پرسیار لە خۆ کردن ، چی روودەدات ئەگەر شتەکان نەروات وەک چۆن چاوەروان دەکرێت ؟ پلان دابنێ بۆ ئەو شتانەی کە چاوەروان ناکرێت رووبدەن بە پرسیار لەخۆ کردن . خراپترین ئەو شتانە چین کە چاوەروان دەکرێت رووبدەن، ڕه‌نگه‌ پەیوەندیەکە بەو شێوەیە نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا ؟؟ ئایا هیچ پلانێكی جێگره‌وه‌ت هه‌یه‌ بۆ حاله‌ته‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كان؟

له‌م لایه‌نه‌ و بۆ زانینی ئه‌م حاله‌تانه‌ جگه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب و لێكدانه‌وه‌ی كڕیار و واقیع، وا باشتره‌ پرسیار له‌ كه‌سانی خاوه‌ن لێهاتوویی و شاره‌زایی بكه‌یت له‌م بواره‌دا، چونكه‌ بێگومان ئه‌مان به‌ چه‌ندان حاله‌تی وادا تێپه‌ڕبوون كه‌ ڕه‌نگه‌ تۆ له‌ داهاتوودا پێیدا تێپه‌ڕبیت.

Tagged : /