چۆن ببینه‌ پیاوی كار (بزنسمان) Businessman ئه‌م ٨ خاڵه‌ جێبه‌جێ بكه‌

پیاوی كار ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌یه‌ كه‌وا بۆ ئافره‌ت و پیاوان به‌كاردێت كه‌وا له‌ بواره‌ جیاجیاكانی بازرگانی كار ده‌كه‌ن.

زۆرێك له‌ ئێمه‌ ئاواته‌ خوازه‌ و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ببێته‌ پیاوی كار ، له‌ زۆرێك له‌ بواره‌كانی كار، له‌وبابه‌ته‌ ئه‌وتان بۆ ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌مووكه‌سێك ده‌كرێت ببێت به‌ پیاوی كار به‌ مه‌رجێك ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ جێبه‌جێ بكات و ئه‌م خاسیه‌تانه‌ی تێدابێت.

 

١-شاره‌زابوون له‌ كار:

بریتیه‌ له‌ گرینگترین خاسیه‌تی بوون به‌ بزنس مان  كه‌وا ده‌بێت له‌و كاره‌ی كه‌وا تیایدا كارده‌كه‌یت ڕۆژانه‌ یاخود ئه‌و كاره‌ی كه‌ ده‌ته‌وێت تیایدا ببیت به‌ بزنس مان، شاره‌زایی زۆر په‌یدا بكه‌یت به‌ جۆرێك كه‌وا له‌ هه‌موو بوار و لایه‌نه‌كانی بكۆلیته‌وه‌ و كتێب و نووسراوی له‌سه‌ر بخوێنیته‌وه، گه‌ر پێویستی كرد خولی تایبه‌تیشی له‌سه‌ر ببینی.

سه‌ره‌تایی ترین شاره‌زایی كه‌وا پێویسته‌ له‌ بزنس ماندا هه‌بێت بریتیه‌ له‌ زانینی جۆره‌كانی بازرگانی، یاساكانی بازرگانی گشتی و یاساكانی ووڵات، یاساكانی كاری بانكی و ده‌ست كردن به‌ پڕۆژه‌ و هونه‌ره‌كانی به‌ڕێوه‌بردن.

 

٢-هه‌بوونی كه‌سایه‌تیێكی سه‌رنجڕاكێش:

یه‌كێكی تره‌ له‌ خاسیه‌ته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پیاوی كار، كه‌وا ده‌بێت كه‌سی بزنسمان كه‌سایه‌تی له‌سه‌ره‌خۆ و باوه‌ڕپێكراوی هه‌بێت چونكه‌ بازرگانی واته‌ متمانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش شاره‌زایی له‌ هه‌ڵس و كه‌وت وڕه‌فتاره‌كانی كار هه‌بێت، له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بازرگانان، شێوازی هه‌ڵس و كه‌وت و كۆبونه‌وه‌ و پێشكه‌شكردن و چۆنیه‌تی ڕازی كردنی به‌رامبه‌ر، كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ گرینگترین هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنن له‌كار و بزنسمانێكی سه‌ركه‌وتوو له‌ یه‌كێكی تر جیا ده‌كاته‌وه‌.

 

 

٣-جددی بوون له‌كار و پابه‌ندبوون پێوه‌ی:

پیاوی كاری سه‌ركه‌وتوو به‌وه‌ جیا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌وا زۆر جددیه‌ له‌كاره‌كه‌ی و هه‌میشه‌ پڕه‌ له‌ ووزه‌ و پابه‌نده‌ به‌ به‌ڵێن وكاته‌كانی كاره‌كه‌ی كه‌وا ده‌كات كه‌سانی كارده‌كه‌ن له‌گه‌ڵی هه‌ست به‌ متمانه‌ و دڵنیایی بكه‌ن له‌كاتی بازرگانی كردن له‌گه‌ڵی دا ، وه‌ ئه‌وانه‌شی كه‌وا بۆی كار ده‌كه‌ن هه‌ست به‌م ووزه‌ و گڕ و تینه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بن. بۆیه‌ ده‌بێت بزنسمان ته‌واوی هه‌وڵ و كۆششی خۆی بۆ كاره‌كه‌ی بخاته‌گه‌ڕ.

 

 

٤-هاوكاری كردن و كاركردن به‌ تیم:

ووشه‌ی بزنسنمان بۆ یه‌ك كه‌س به‌كاردێت، به‌ڵام هیچ بزنسمانێك نیه‌ كه‌وا به‌ ته‌نها سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنابێت و ببێته‌ خاوه‌نی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌، بێگوومان هه‌مووكات كه‌سانێكی تری له‌گه‌ڵه‌، بۆیه‌ كه‌سی بزنسمان ده‌بێت توانای كاركردنی هه‌بێت به‌ تیم و دابه‌ش كردنی كار و ئه‌ركه‌كانی خۆی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێت سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆشت به‌ش بكه‌یت له‌گه‌ڵ كه‌سانی هاوكارت، كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی زۆرێك له‌ بزنسمانه‌كانه‌.

٥-ئازایه‌تی و بوێری: بوێری بۆ كه‌سی خاوه‌نكار و بزنسمان بریتیه‌ له‌ دوو جۆر، له‌ ئازایه‌تی ده‌ستپێشخه‌ری و ئازایه‌تی له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان به‌ بڕیاری ژیرانه‌، گه‌ر بوێر نه‌بیت و ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بیت، كه‌سانی تر ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ده‌كه‌ن و تۆش ده‌بیت به‌ فه‌رمانبه‌ر له‌لای ئه‌وان، بۆیه‌ ده‌بێت بوێر بیت و له‌ شكست و زه‌ره‌ره‌ر نه‌ترسیت.

 

 

٦-دروستكردنی په‌یوه‌ندی و به‌رده‌وامیپێدانی:

یه‌كێك هۆكاره‌كانی گه‌وره‌كردنی بازرگانی و كاره‌كه‌ت، دروستكردنی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و بازرگانیه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانی خاوه‌ن كار،چونكه‌ هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندیه‌ كه‌وا گه‌وره‌ت ده‌كات و به‌رده‌وامی پێ ده‌دات. جۆرێكی تری په‌یوه‌ندی كه‌ هیچی كه‌متر نیه‌ له‌و جۆره‌ی سه‌ره‌وه‌، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و ڕێزه‌ له‌گه‌ڵ كارمه‌ند و هاوكاره‌كانت كه‌وا به‌شێكن له‌و كاره‌ی تیایدا كارده‌كه‌ن.

 

 

٧-ڕاستگۆیی:

له‌ سه‌ره‌تادا باسی كه‌سایه‌تیمان كرد، باسی ئه‌وه‌شمان كرد كه‌وا چه‌نده‌ گرینگه‌ بۆ بازرگان یاخود بزنسمان، ڕاستگۆیی كڕۆكه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌یه‌، له‌وه‌ش گرینگتر به‌رده‌وام بوونه‌ له‌سه‌ر ڕاستگۆیی، ئه‌مه‌ هۆكاری متمانه‌یه‌، وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌شی ته‌مه‌نی بزنسمان كورت ده‌كاته‌وه‌.

 

٨-به‌كارهێنانی ته‌كنولۆجیا له‌ كاره‌كان :

بێگومان زۆربه‌مان مۆبایلی زیره‌ك به‌كارده‌هێنین و به‌كارهێنه‌ری زۆرێك له‌ ئاپه‌كانین، به‌ڵام تا چه‌ند ئاپه‌كان تایبه‌تن به‌ بازرگانی؟ بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ مۆبایله‌كه‌مان چه‌ندین ئاپ هه‌یه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌ك: یادخه‌ره‌وه‌ بۆ یادخستنه‌وه‌ی كاره‌كان و ڕێكخستنیان، به‌كارهێنانی ئاپه‌كانی ڕێكخستنی باڵانس و پاره‌كان و دیاری كردنی پلان و پێوانه‌یان كه‌وا زۆرێك له‌ ئاپ بۆ مۆبایله‌كان له‌م ڕۆژگاره‌دا به‌رده‌سته‌ و وا ده‌كات كه‌وا مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان ته‌نها بۆ په‌یوه‌ندی و وێنه‌ گرتن به‌كار نه‌هێنرێن و وه‌ك هاوكارێك بن له‌گه‌ڵ كه‌سی بزنسمان بۆ ڕێكخستن و به‌ره‌وپێشبردنی ئاپه‌كان، هه‌ر قورسایێكت هاته‌ پێش ته‌نها له‌ ستۆره‌كان بۆی بگه‌ڕێ به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئاسانكاریت ده‌ست ده‌كه‌وێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.

هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ خه‌سڵه‌تی كه‌سی بزنسمان بوون، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌بیر نه‌كه‌ین كه‌وا بزنسمان یاخود بوون به‌ پیاوی كار، نازناو نیه‌، ناویش نیه‌، هه‌ركه‌س بێت وه‌كو ناو له‌خۆی بنێت، وه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ و چه‌ندین بابه‌ت و كتێبی تریش نابیت به‌ بزنسمان، بوون به‌ پیاوی كار كرداره‌، دوای ئه‌منجامدانی ده‌بێت به‌ سیفه‌ت و خه‌سڵه‌ت له‌ كه‌سه‌كه‌،

كه‌واته‌ ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ ده‌ستپێبكه‌یت و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو هه‌تا ده‌بیت به‌ بزنسمان.

 

Tagged :